خۆبەزلزان و سەرنەکەوتن

ئایا چۆن خۆبەزلزانین دەبێتە ڕێگر لەبەردەم سەرکەوتنەکانمان؟

کار و کارگێڕی

کامەران لوقمان

5/8/2022

سێ دوژمنەکەم..

ئەگەر شتەکم بەسەرھات بزانن کێیە!

یەکەم\

لە میانی ڕۆیشتن بەرەو ئامانج و سەرکەوتن، زۆر جار لەبەر خاتری دەستخۆشی و پێ سەرسام بوون، هەڵدەستام بە نەرمە خۆنواندنێک کە ئەوەتا لە ئێستادا خەریکی چیم و چەند ژیر و زرنگم!، بەو ھۆیە کۆمەڵێک لە ئافەرین و دەست خۆشی لە خەڵکەوە بە دەست دێ. خەتەرەکە لێرەدایە، ئیتر چونکە پێتوایە ڕەزامەندی خەڵکت بە دەست هینایە، کەم کەم لە حەماسەتی کارکردن دێتە خوارەوە لە بەرامبەر بەدەستهێنانی ئامانجە ڕاستەقینەکە!. ئیتر ڕێی سەرکەوتن وون و فەرامۆش دەبێت!. ئەمە خۆکوشتنی یەکەمە!

دووەم\

زۆر جار بەدەست هێنانی پلە و پۆست، یا سەرکەوتن لەگەڵ تیمەکەت، یا بە دەست هێنانی بڕوانامەیەکی بەرزتر.. خودی ئەو سەرکەوتنانە باوەڕێک دروست دەکەن کە هەموو هۆکارەکە هەر (خۆم!) بووم بە تەنیا، پاڵپشتییەکانی وەک دایک و باوک، خوشک و برا، هاوسەر، مامۆستا، سەرۆکی کار، هاوکارەکانت لە کارکردنی تیم وۆڕک و بەیەکەوەیی ھەمووی فەرامۆش دەکەین.. بۆیە کاتێک بەو عەقڵیەت و تێڕوانینە دەچینە سەر کاری دواتر، دەبینین پشتمان لە چ سەروەتێک کردووە!.. ئەمەش خۆکوشتنی دووەمە!

سێیەم\

کاتێک تووشی جۆرێک لە فەشەل و سەرنەکەوتن دێم، کەم جار دەچمە ژێر باری داننان بە هەڵەی خۆم!، ئیتر بە بڕو بیانوودا دێمەخوار بە دار و بەرد، هەمووی بە عەیبدار و سەبەبکار دەزانین جگە لە خۆم. ئەویش لەبەر نەشکاندنی هەواو نەفەسمان! بڕوا نەھێنان بە کەموکوڕی لە دانانی نەخشە و جێبەجێ کردنی ڕاست و دروستی پلانەکە، وامان لێ دەکات ھەمان ڕێگای ھەڵە دووبارە بکەینەوە بە ھیوای ئەنجامی باشتر، کە ئەوەش تەنھا سوڕانەوەیە لە بازنەی فەشەل! ئەمەش خۆکوشتنی سێیەم!..

(پێتان وایە هەواو نەفەس و لووتبەرزی دوژمنی من بوو! نەک شت و کەس و فلان و فیسال؟!)

ڕەحمەت لە لوقمانی دانا و حەکیم کە بە مەبەستی کردنەوەی دەرگای دڵ و عەقڵی کوڕەکەی، لە دەستپێکی ئامۆژگاریەکانی دەیفەرموو: کوڕە شیرینەکەم، خۆت بە دوور بگرە لە دەردی مل ڕەقی و لووت بەرزی و تەڵەی ھەوا و نەفەس و بایەخ دانەنان بۆ خەڵکی..

man in gray long sleeve shirt holding brown wooden stick