بۆچی دەرمانساز پیشەی دڵخوازی منە؟

دەرمان + هەر کەسێک = ژەهر، بەڵام... دەرمان + دەرمانساز = ڕزگارکەر

تەندروستی

کامەران لوقمان

3/31/2022

لەبیرمە، سەرەتا خولیای ئەوەم هەبوو کە کاربکەم و خۆم لە بەشێکی هەستیار و گرنگی تەندروستیدا ببینمەوە کە بتوانم زۆر نزیک لە مرۆڤەکانەوە بژیم و یارمەتیان بدەم بۆ گەڕاندنەوەی ژیانی ئاسایی و تەندروست، بەڵام چۆن؟! نازانم! تەنانەت نەمدەزانی شوێنێک هەیە بە ناوی کۆلێژی دەرمانسازی.

دواتر دوای تەواوکردنی قۆناغی ئامادەیی دەمتوانی لە زانکۆ بۆ چەند بەشێک بە پێی نمرەکانم و سیستەمی خوێندنی باڵا بەردەوام بم. یەکێک لەوانە کۆلێژی دەرمانسازی بوو. پێش ئەوە لێکۆڵینەوەم لە زۆربەی بەشەکان کردبوو و لایەنە باش و خراپەکانیانم بەراورد کردبوو. بەڵام بەو پێیەی لە کۆلێژی دەرمانسازی تێگەیشتم، هەر وەڵامێکی زیاتر سەرنجی بەلای خۆیدا ڕادەکێشام و خۆم لەو بوارەدا دەبینیەوە. ئێستا با لە چیرۆکەکە دەربچین و سەیری جیهانی ڕاستەقینەی دەرمانسازی بکەین.

دەتوانرێت خاڵە بەهێزەکانی پیشەی دەرمانسازی بەم شێوەیە کورت بکرێتەوە و هەرچەندە ڕەنگە هەندێک جیاوازی و گۆڕانکاری لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر هەبێت.

١- فراوانی بوارەکانی شارەزایی و بژاردەی پیشەیی،

بۆ نموونە لەم بەشانەی خوارەوەدا.

- کارکردن وەک دەرمانسازێکی کلینیکی. دەرمانساز، لەگەڵ پزیشکی پسپۆڕ، بەرپرسیارە لە چاودێریکردنی دەرمانەکە لەڕووی باشترین بژاردەکان و سەلامەتترین شێوازەکانی بەکارهێنانەوە بۆ ئەوەی زۆرترین دەستکەوت و ئەنجامەکانی دەرمانەکە بۆ نەخۆشەکە بەدەستبهێنێت. هەروەها ڕێگری دەکات لە کارلێکی مەترسیداری دەرمانەکان کاتێک پێویستە پێکەوە بەکاربهێنرێن. بۆ ئەم مەبەستە دەبێت دەرمانساز بڕوانامەی ماستەر لە دەرمانسازی کلینیکی هەبێت.

- کارکردن لە ناوەندەکانی دۆزینەوەی دەرمان و توێژینەوە یان کارگەکانی بەرهەمهێنانی دەرمان. هەردووکیان گرینگن بۆ پاراستن و باشترکردنی تەندروستی جیهانی لەڕێگەی داهێنان و دۆزینەوەی دەرمانی نوێ و باشترکردن و کەمکردنەوەی کاریگەرییە زیانبەخشەکانی دەرمانە هەبووەکان.

- کارکردن وەک دەرمانساز لە دەرمانخانە. وەک بەڕێوەبەر یان یەکێک لە ئەندامانی دەرمانخانە دەتوانێت ئەم ڕۆڵە بگێڕێت. لەوێدا پەیوەندی ڕاستەوخۆی لەگەڵ نەخۆشەکان و بەکارهێنەرانی دەرمان دەبێت. بۆیە گرنگە بزانین دەرمانساز تاکە کەسە کە دەرمانی گونجاوی لێ وەربگیرێت. وەک دەڵێن: "دەرمان یەکسانە بە ژەهر لەگەڵ هەموو کەسێک! تەنها دەتوانێت لە دەستی دەرمانسازەوە بگۆڕێت بۆ فریادڕەسی ژیان. دەرمانساز لە دەرمانخانە تایبەت و گشتییەکان بەرپرسیارە لە پێداچوونەوە بە ڕەچەتە و دەرمانەکان، پاشان بەکارهێنەر ئاگادار دەکاتەوە لە ئەگەری کاریگەرییە لاوەکییەکان و چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵیان.

- کارکردن لە کارگە و کۆمپانیای فرۆشتن و بەبازاڕکردنی دەرمانەکان دوای بەرهەمهێنانیان. کاتێک پرۆسەی دۆزینەوە و بەرهەمهێنانی دەرمان تەواو بوو، ڕۆڵی سەرەکی دەرمانساز ئەوەیە کە بتوانێت قۆناغەکانی بەبازاڕکردن تەواو بکات، وەک ئامادەکاری و پاکەتکردنی سەلامەت و دروست، نرخ، بەردەستبوون، ڕیکلام، و شێوازەکانی بانگەشەکردن لە چوارچێوەی ئیتیک و بەرپرسیارێتی بەرزدا. ئەوە دەرمانسازە کە دەتوانێت بنەماکانی ڕوون بکاتەوە.

٢- هەمیشە هەلی کار و خواست لەسەر دەرمانساز هەیە بۆ کارکردن. بە تایبەتی لە وڵاتانی پێشکەوتوودا کە پێناسە و ناوەڕۆکی کارەکان ڕێکدەخرێن، ماف و بەرپرسیارێتیەکان لە چوارچێوەی شارەزاییدا دادەنرێت.

٣- داهاتی ساڵانەی دەرمانسازان لە باشترینەکان دادەنرێت لە وڵاتانی پێشکەوتوو و هەروەها وڵاتانی نیمچە ڕێکخراو.

٤- دەرمانساز پێگەی خۆی لە چینی متمانەپێکراوی کۆمەڵگادا دەبینێتەوە بەهۆی بەردەستبوونی بۆ زۆربەی پێداویستییە تەندروستییەکانی ڕۆژانەی هاووڵاتیان و کوالیتی ژیانی خەڵکی دەوروبەری.

٥- دەرمانساز دەرفەتی زۆری هەیە بۆ ئەوەی ببێتە خاوەن پرۆژەیەکی سەربەخۆ، بەتایبەتی شارەزایی بەڕێوەبردن و کارگێڕی و تێگەیشتنی زیاتری هەبێت لە بنەماکانی ژمێریاری و دارایی. لە پڕۆژە سەرەتاییەکانەوە وەک خاوەندارێتی دەرمانخانە یان بەرزتر وەک کۆگای دەرمان، فرۆشتنی دەرمان، کۆمپانیاکانی دابەشکردن، و کارگەی دەرمانسازی. شانبەشانی وەبەرهێنانی زیاتر لە پەرەپێدانی کات و تواناکانی.

person holding white labeled bottle
person holding white labeled bottle

👆!شەیری بکە لە ڕێگای ئەمانە